لە سێیەم رۆژی رووداوی داڕمانی باڵەخانەی پلاسکۆ لە تاران، هێزەکانی فریاکەوتن لە زیندووبوونی 4 کەس لەژێر کەلاوەکەدا دڵنیابوونەتەوە.
به پێی هەواڵ دەریی ئەهلی بەیت(ع) ، ابنا: گوتەبێژی رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی ئێران رایگەیاند: "4 ئامێری دۆزینەوەی گیانلەبەری زیندوو، سیگناڵیان وەرگرتووە، کە نیشانەی ئەوەیە تا ئێستا 4 کەس لەژێر داروپەردووەکاندا زیندوون.
بەیانیی رۆژی پێنجەشەممە نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەی پلاسکۆ لە ناوەندی تاران ئاگری گرت و پاش نزیک 4 کاژێر بە تەواوی داڕما و چەند کەس لە هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە بوون بەژێر داروپەردووی بیناکەوە.
تاوەکو ئێستاش بە هاوکاریی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە و مانگی سوور و سوپا و ئەرتەش و هێزی جەماوەریی خۆبەخش، هەڵمەتی لادانی ئاسن و پاشماوەی وێرانە و گەڕان بۆ تەرم و زیندووی ئەو کەسانەی بوون بەژێر داروپەردووی رووداوەکە بەردەوامە.
هەر بەیانیی ئەمڕۆ حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری ئیران لە نزیکەوە شوێنی رووداوەکە و هەڵمەتی لادانی وێرانەکانی بەسەر کردەوە. هەر بەو بۆنەوە حکومەتی ئێران ئەمڕۆ شەممەی بە رۆژی ماتەمینی گشتی راگەیاندووە.
بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا 119 کەس لەو رووداوە بریندار بوون کە رۆژی هەینی یەکێک لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کە بەسەختی بریندار بوو لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 20 کەس لە تیمەکانی ئاگکوژێنەوە لەژێر داروپەردووی بیناکەدا ماون و چارەنووسیان دیار نییە.
٢١ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١١:٥٦
News ID: 806313
لە سێیەم رۆژی رووداوی داڕمانی باڵەخانەی پلاسکۆ لە تاران، هێزەکانی فریاکەوتن لە زیندووبوونی 4 کەس لەژێر کەلاوەکەدا دڵنیابوونەتەوە.